ژمارهیهک خوێندكاری زانكۆی چهرموو بهشدارییانكرد له وۆرکشۆپێکی ڕاهێنان
21-07-2025
ژمارهیهک خوێندكاری زانكۆی چهرموو بهشدارییانكرد له وۆرکشۆپێکی ڕاهێنان
ڕێکخراوی ئیرۆ بۆ پەرەپێدانی جڤاكی پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی "خەونی سەوز" (Green Dream) وۆرکشۆپێکی ڕاهێنانی دوو ڕۆژەی بۆ خوێندکارانی زانکۆی چەرموو ڕێكخست كه (17)خوێندکار (9 کچ و 8 کوڕ) بەشدارییان کرد.
وۆرکشۆپەکە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆگرتبوو: سەرکردایەتیکردن، کاری بەکۆمەڵ (تیم ۆرک)، پەیوەندیکردن و داکۆکیکردن. ئامانج لەم ڕاهێنانە، پڕچەککردنی خوێندکارانە بەو کارامەییە بنەڕەتییانەی کە پێویستیانە بۆ سەرکردایەتیکردنی کاریگەر، دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست و کارکردنی هاوبەش، لە هەمان کاتدا هاندانیانە بۆ داکۆکیکردن لەو پرسانەی کە بۆیان گرنگە.
شێوازی ڕاهێنانەکە جیاواز بوو لە وانە تەقلیدییەکانی پۆل. لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە شیکردنەوەی نموونەی ڕاستەقینە، چالاکی گروپیی کارلێککارانە و ڕاهێنانی کرداری، بەشداربووان فێری ئەوە بوون کە چۆن زانیارییەکانیان لە ژیانی ڕۆژانەدا جێبەجێ بکەن. هەروەها ڕێنماییکران بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری لە ڕێگەی دروستکردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی بۆ سۆشیال میدیا و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئۆنلاین کە لەلایەن خۆیانەوە سەرپەرشتی دەکرێن وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا و داکۆکیکردن لە پرسەکانی گەنجان.
ئەم پڕۆژەیە تەنها لە چەمچەماڵ قەتیس نابێت، بەڵکو خوێندکارانی زانکۆکانی هەڵەبجە و سلێمانیش دەگرێتەوە. گروپی ئامانجی پڕۆژەکە گەنجانی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵن و بڕیارە بە گشتی 75 سەرکردەی گەنج لەم سێ ناوچەیەدا بەشداری بکەن و سوودمەند بن. دیزاینی پڕۆژەکە بە جۆرێکە کە ئامانجی دروستکردنی گۆڕانکاری ڕاستەقینەیە کە بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر سەرکردایەتی و هاوکاری بکەن، چ لە ناو زانکۆ و خوێندکارەكانی ، چ لەناو کۆمەڵگەکانیان و تەنانەت لە ژیانی پیشەیی داهاتووشیاندا.





