thumb

زانکۆی چەرموو: ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕووپێویی شـارۆچکەی چەمچەماڵ و شۆڕش بەڕێوەچوو

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (١٢-٤-٢٠٢٦) بە ئامادەبوونی دکتۆر هەڵەت ڕەشید سەرۆکی زانکۆی چەرموو، نوێنەرانی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ و سەرۆکی شارەوانی شۆرش و بەرپرسی هۆبەی ئاودێری چەمچەماڵ و نوێنەری یەکێتی ئەندازیارانی کوردستان/ لقی کەرکوک/ نوێنەرایەتی چەمچەماڵ، لە مەراسیمێکدا ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕووپێویی شـارۆچکەی چەمچەماڵ و شۆڕش بە مەبەستی هـەڵسەنگاندنی هـایدرۆلۆژی و چارەسەری گرفـتی لافاو لە زانکۆی چەرموو بەڕێوەچوو.

دکتۆر هەڵەت ڕەشید سەرۆکی زانکۆی چەرموو وتی پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی گشتگیرە بۆ سنوری شارەوانی چەمچەماڵ و شۆڕش کە ڕێگرە لە دروستکردنی لافاو لە سەنتەری شارۆچکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش وتیشی قۆناغی دواتر سنوری ناحیەی تەکیەی کاکەمەند و ناحیە ئاغجەلەر دەگڕێتەوە.

 

پاشان ئەندازیار ئاکۆ سەمەد  پسپۆری ڕێگەو بان  و ڕووپێوی لە سیمینارێکدا کاری پڕۆژەکەی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە ڕایگەیاند ماوەی زیاتر لە مانگێکە هەستاوین بە کاری ڕووپێوی  بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆرش بە ئامێری (چی پی ئێس و درۆن) کە سیستەمێکی پێشکەوتوومان بۆ داناوە هەنگاوی دواتر دەستمانکرد بە هـەڵسەنگاندنی هـایدرۆلۆژی، پاشان هەنگاوی سێیەم دیزاینەکان دەکەین کە قۆناغی کۆتاییە بە تایبەت بەشی سەرەوە چەمچەماڵ، دواتر ئەم سیستەمە وەک ڕێنمایی دەدەینە شارەوانی چەمچەماڵ کە چۆن داتا کۆن و نوێیەکان بە کاربهێنێرێت وەک گرفتی ئاوەڕۆ و قەنتەرەکان (ئاوبارە) و شوێنەکانی نیشتەجێبوون کە کێشە و مەترسی لافاویان لەسەرە، وتیشی بەپێیی ئەو کارەی کە ئەنجامدراوە دەتوانرێت شەقام و سەوزایی و شوێنی نیشتەجێبوو بە جوانترین شێوە بنیادبنرێت.

دواتر دکتۆر کاوە زێدان مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی سیمینارێکی دەربارەی هـەڵسەنگاندنی هـایدرۆلۆژی پێشکەشکرد.

 

 

وێنە: توانا هادی

 

 

 

 

شێرکردن: