بەشی زانستی کۆمپیوتەر یەکێکە لە بەشە سەرەکییەکانی کۆلێژی زانست لە زانکۆی چەرموو. لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٤/٢٠١٥ دامەزراوە. بەشی کۆمپیوتەر ئەو خوێندکارانە وەردەگرێت کە دەرچووی بەشی زانستی ئامادەیی بوون، بەشی کۆمپیوتەر خاوەنی توێژەری کارامە و ئاست بەرز و بەئەزموونە کە پایەی سەرەکی بەشەکەن.
دەرچووانی بەشی کۆمپیوتەر خاوەنی توانا و لێهاتوویەکی بەهێزن چونکە پڕۆگرامەکانی بەشی کۆمپیوتەر گشتگیرە و بابەتی نوێ دەخوێنن کە هەردوو مۆدیلی تیۆری و پراکتیکی دەگرێتەوە. پرۆگرامەکانی خوێندن وا لە خوێندکاران دەکات بە متمانەیەکی زۆرەوە شارەزای بابەتە سەرەکییەکانی کۆمپیوتەر ببێت کە ئەویش لە ڕێگەی کوالیتی بەرزی وانەوتنەوە و ڕاهێنانی کردارییەوە فەراهەم دەبێت.
دیدگای بەشی کۆمپیوتەر بریتییە لە بنیاتنانی کەسایەتیەکی بەهێزی دەرچووان، کە پڕ لە زانست و زانیاری سەردەم بن بە مەبەستی بەهێزکردنیان بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار لە بازاڕی کاری دیجیتاڵی ئەمڕۆدا. جگە لەوەش چاوەڕوان دەکرێت دەرچووانمان پێشەنگ و خاوەنکار بن لە بەشە جیاوازەکانی پیشەسازی کۆمپیوتەر.
· دابینکردنی کەشوهەوایەک بۆ بەشداریکردنی چالاکانەی خوێندکاران لە بەشەکەدا.
· دەرفەتی فێرکردن و ڕاهێنانیان هەبێت لەلایەن مامۆستایان و ستافە بە ئەزموون و لێهاتووەکانی بەشی کۆمپیوتەر.
· ببنە ڕکابەر بۆ خوێندکارەکانی تر بە پێشکەشکردنی زانیاری پێشکەوتوو لە ڕێگەی خولەکانەوە لەسەر بنەمای زانیاری نوێ.
· بەدەستهێنانی ستانداردی کارکردن و ڕەوشت بەرزی کارکردن.
· بونیاتنانی پەیوەندی کارامە و بەدەستهێنانی هەستی کارکردنی پێکەوەییە بە تیم کاردکردن.
· زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە بە ئەنجامدانی چەندین ئەرکی پراکتیکی لە تاقیگەکانی بەشەکەدا.
· پیشاندانی توانای چارەسەری کێشەکانی ڕۆژ بن لە ڕێگەی شیکاری کاریگەر و لێهاتوویی دیزاین کردن.
· بە پراکتیزەکردنی ستانداردەکان لە بواری پڕۆگرامسازی سۆفت وێر و لە ڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆژەکان لە ژیانی ڕاستەقینەدا.
· بەدەستهێنانی ستانداردە هاوچەرخەکان لە بواری توێژینەوەدا و چارەسەریکردنی کێشەکان لە رێگەی داهێنان.
· ببنە توێژەری داهاتوو تا بڕوانامەی ماستەرەکانیان لە بەشە جیاوازەکانی کۆمپیوتەردا بەدەست بهێنن.
شێوازی خوێندن پرۆسەی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکات کە پرۆگرامەکە لەم بەشەدا چوار ساڵ دەخایەنێت و دابەشکراوە بەسەر هەشت وەرزدا.
ماوەی خوێندن لە بەشی کۆمپیوتەر هەشت وەرزی ئەکادیمییە بەشێوەی خوێندنی بەردەوام (Full Time). بەزۆری ساڵی خوێندن لە دوو وەرز پێکدێت:
· وەرزی پایز: لە مانگی ئەیلول دەست پێدەکات و لە مانگی یەکدا کۆتایی دێت.
· وەرزی بەهار: لە مانگی شوبات دەست پێدەکات و لە مانگی حوزەیران کۆتایی دێت.